بومەلەرزەیەکی بەھێز باکوری کوردستان و سوریای ھەژاند
کوردسات نیوز
٦ی شوباتی ٢٠٢٣
٦٢٣
لێپرسراوانی تورکیاش رایانگەیاندووە، بومەلەرزەکە ١٠ پارێزگای باکوری کوردستانی گرتووەتەوە و ٢٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣٢٣ کەس برینداربوون، ھەروەھا ھۆشدارییەکان لە تورکیا بۆ ئاستی چوارەم بەرزکراوەتەوە و داوای ھاوکاری نێودەوڵەتی دەکرێت و سوپای وڵاتەکەش بەشدارە لە بەھاناوەچوونی لێقەوماوان. ھەر بەوھۆیەوە لە شاری مەلاتیە لە تورکیا ١٣٠ باڵەخانە رووخاون و سەرۆکی شارەوانی ئەدەنەش دەڵێت، دوو باڵەخانەی ١٧ نھۆمی و ١٤ نھۆمی بەتەواوی خاپوربوون. لە ئامەدیش زیاتر لە ١٠٠ کەس لەژێر داروپەردوی باڵەخانە رووخاوەکاندان.
وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، بومەلەرزەکە پارێزگاکانی حەلەب و لازقیە و حەما و ئەعزاز و تەرتوس و عەفرینی گرتووەتەوە و بەھۆیەوە ٣٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەس برینداربوون. بەرگری شارستانی سوریاش رایگەیاندووە، دەیان کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندان و ھەڵمەتی رزگارکردنی ھاووڵاتیان زۆر قورسە."بەشار ئەسەد" سەرۆکی سوریاش سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، بۆ تاوتوێکردنی زیانەکانی بومەلەرزەکە.
بومەلەرزەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا داوای لە لێپرسراوان کرد ھەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان بکرێت و ھاوکاری ھاووڵاتیان بکرێت، کۆشکی سپیش ئاماژەی بەوەدا لە پەیوەندیدان لەگەڵ لێپرسراوانی تورکیا بۆ ھاوکاریکردنی خەڵک. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش وتی، بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا نیگەرانی کردوون. میسریش ھاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی سوریا و تورکیا کرد.
ئەو بومەلەرزەیە بە گەورەترین بومەلەرزە دادەنرێت کە لە ١٧ی ئابی ساڵی ١٩٩٩ەوە روویدابێت و بەھۆیەوە ١٧ ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ھەزار کەسیان لە ئیستەنبوڵ بوون.