چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"یان راگەیاندووە، ئەمریکا بەڵگەی دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی ئێران لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا مامەڵەی بەو دۆلارانەوە کردووە کە عێراق لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دەستیکەوتووە. 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەمریکییەکان پێیانوایە عێراق ھۆشدارییەکانی بۆ سەر دامەزراوە داراییەکانی کە کڕین و فرۆشتن بە دۆلارەوە دەکەن بە جدی وەرناگرێت، ھەروەھا حکومەتی عێراق ھەوڵیداوە فشاری ئەوروپی لەسەر ئەمریکا دروستبکات، بۆ کەمکردنەوەی کۆت و بەندەکانی لەسەر کڕین و فرۆشتنی دۆلار، بەڵام ھەوڵە دیبلۆماسییەکانی شکستیھێناوە. 

تەنانەت "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەوڵی دروستکردنی لۆبی داوە لە دوایین سەردانیدا بۆ پاریس و بەرلین. 

"شەرقلئەوسەت" ئەوەشی زانیوە حکومەتی عێراق لە ڕێی تیمێکی پسپۆڕانەوە جەختیانکردووەتەوە لە گرنگی سەردانی "سودانی" بۆ "واشنتۆن" بە یاوەری وەفدێکی دارایی باڵا بە شێوەیەکی خێرا و بەپەلە، بۆ تاوتوێکردنی کۆت و بەندەکانی ئەمریکا لەسەر دۆلار، لە بەرامبەر بەڵێندان بە ئەنجامدانی چاکسازی خێرا بۆ رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار.