ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە و پەیوەندیەکی زۆر باشیان ھەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، چەندین بابەتی گرنگ ھەیە کە پەیوەندیەکانی بەغداد و واشنتۆن پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەبارەت بە رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا، بلینکن رایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە زۆر گرنگە و تا ئێستا بەردەوامە لە نێوانیانداو، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی و فراوانکردنی ئابوری عێراق. ھیواشی خواست ئەو رێکكەوتنەی ھەیە ببێتە مایەی باشترکردنی ژیانی گەلی عێراق.

دەشڵێت، ھاوبەشیان بەردەوامە لەگەڵ عێراق لە تێکشکانی داعش و پاشماوەکانی  بۆ ئەوەی جارێکی تر نەتوانن خەڵکی مەدەنی بکوژن. جەختیشیکردەوە زۆر گرنگە عێراق پەیوەنديیەکانی لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی باشتربکات و زیاتر تێکەڵاوی وڵاتانی عەرەبی بێت.