کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کرملین بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە وەزیری بەرگریی روسیا کردووە، لە سەعات ١٢ی رۆژی شەشی ئەم مانگەوە تاکو نیوەشەوی حەوتی مانگ  واتا بۆ ماوەی ٣٦ سەعات، ئاگربەست لە ھەموو بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئۆکراین جێبەجێبکرێت.

کرملین راشیگەیاند، لە سۆنگەی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتیی ئەرسەدۆکسی لە ناوچەکانی شەڕ دەژین، دەیانەوێت دەرفەتیان پێبدەن بۆ بەجێھێنانی ئەرکە ئایینییەکانی کریسمس، داواشی لە لایەنی ئۆکراینی کرد، لای خۆیانەوە ئاگربەست رابگەیەنن.

لە بەرامبەردا سەرۆکایەتیی ئۆکراین رایگەیاند، بە مەرجی کشانەوەی ھێزەکانی روسیا لەو ناوچانەی لە ئۆکراین کۆنترۆڵیکردوون بە ئاگربەست رازی دەبن.

ئاگربەستەکەی روسیا لە وەڵامی داوایەکی پاتریاک کیریال رێبەری ئەرسەدۆکسەکانی مۆسکۆ بووە، بۆئەوەی ئەرسەدۆکسەکان لە ئارامییدا بەشداری مەڕاسیمە ئایینییەکانی کریسمس بکەن.

راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن روسیاوە، دوای زیاتر لە ١٠ مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆکراین دێت، کە لە رۆژی ٢٤ی شووباتی ساڵی رابردووەوە، بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن، روسیا ھێرشی سەربازیی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە.