سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا  لە ئەنقەرە رایگەیاند،  بە پێی ئەو ئاراستەیەی تورکیا و سوریا و روسیا گرتویانەتەبەر بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق، لە ماوەیەکی کەمی داھاتوودا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا کۆدەبنەوەو دواتریش بە پێی پێشھاتەکان سەرکردەکانی ھەرسێ وڵات کۆدەبنەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکیش دیبلۆماسیش وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات لە رۆژانی داھاتوودا لە ئیمارات کۆدەبنەوە.

دوای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بچڕاو ئەنقەرە پشتیوانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڵام تورکیا ماوەیەکە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەدات و لە کۆتایی مانگی رابردوو وەزیرانی بەرگری ھەردوو وڵات لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.