لە ئیستەنبوڵ دووەم دانیشتنی دادگایکردنی سەرۆکی سەندیکانی پزیشکانی تورکیا بەڕێوەچوو
٢٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٤٠٦
شەبنەم کورور فینجانچی تەمەن ٦٣ ساڵ کە مانگی ئەیلولی رابردوو لەسەر لێدوانێک کە داوایکردبوو لێکۆڵینەوە لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە بکرێت دەستگیرکرا، ئەمرۆ لە دادگای ئیستەنبوڵ دووەم دانیشتنی دادگایکردنی بەڕێوەچوو، لە دادگاییەکەدا فنجانچی بە سەرۆکی دادگاکەی رایگەیاند، وەک مەترسیدارترین گومانلێکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن تاکو کاریگەری لەسەر دروستبکەن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، سەرۆکی دادگا داواکاری ئازادکردنی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی رەتکردەوەو رۆژی ١١ی کانونی دووەمی بۆ سێیەمین دانیشتنی دادگا دیاریکرد.
ھاوکات سەندیکای پزیشکانی تورکیا لە دەرەوەی ھۆڵی دادگاییەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، سەرجەم ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکاری سەندیکاکەیان کە ١١ کەسن خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.