یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ٢٠ لێپرسراوی ئێرانیدا سەپاند
لاڤە
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٢٢٥
وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەیەکدا، ٢٠ لێپرسراو و دەزگای ئێرانییان خستنە لیستی سزاکانەوە، کە لەنێویاندا دامەزراوەی تەلەفزیۆنی ھەیە.
یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکیشدا بڵاویکردەوە، ئەو سزا نوێیانە بەھۆی ئەو توندوتیژییانەیە کە لێپرسراوانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامی دەدەن.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ٥ دامەزراوە و ١٠ کەسایەتی یەکێتی ئەوروپا خرانە لیستی سزاکانەوە.
راشیگەیاند، ئەو لایەنانە پشتیوانی ئاژاوە و خۆپیشاندانەکان دەکەن، سزاکانیش رێگریکردن لە چوونی ئەو کەسانە بۆ ئێران و سەروەت و سامانەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران و پێنەدانی ڤیزا پێیان، دەگرێتەوە.
پێشتریش یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ٤٠ کەسایەتی و ٧ دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاندبوو، بەھۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە دەربڕینی ناڕەزایی و داواکردنی مافەکانیان.