بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، پێداچوونەوە بەو سزایانە بکرێت کە بەسەر کەسایەتی و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپێنراوە، بەھۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە خۆپیشاندانەکان و پڕچەککردنی روسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. 

پێداچوونەوەکەش لەکاتێکدایە کە نیوزلەندا سزای بەسەر ٢٢ لێپرسراوی ئێرانیدا سەپاندووە، کە لە نێویاندا فەرماندەی سوپای پاسداران و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکە و سەرۆکی پۆلیسی رەوشت ھەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیاش رایگەیاندووە، سزای نوێ بەسەر چەندین کەسایەتی و قەوارەی ئێرانیدا دەسەپێنن، بەھۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، کە ١٣ کەسایەتی و دوو دامەزراوە دەگرێتەوە، لە نێویاندا پۆلیسی رەوشت و ھێزە ئەمنییەکانی تر.

ھاوکات لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەپاندنی سزای نوێ بەسەر روسیا تاوتوێ دەکرێت، کە دەبێتە نۆیەمین زنجیرە سزا کە یەکێتی ئەوروپا بیخاتە سەر روسیا بەھۆی جەنگی ئۆکراینەوە.