بەیانی ئەمڕۆ دووەمین خۆپیشاندەر لە شاری مەشھەد لەسێدارەدرا
لاڤە
١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٣٩٣
پێگەی "میزان ئۆنلاین"ی سەربە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، "مەجید رەزا رەھنوەرد" لە شاری مەشھەد لەسێدارەدراوە، کە دەبێتە دووەمین خۆپیشاندەر لە ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێبکرێت و تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانی درابووە پاڵ.
رۆژی پێنجشەممەی رابردووش "موحسین شکاری" تەمەن ٢٣ ساڵ وەک یەکەم خۆپیشاندەر بە تۆمەتی ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنییەکان و تێکدانی ئاسایشی وڵات لەسێدارەدرا.
لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن چەندین کەس کە بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون رووبەرووی ھەڕەشەی لە سێدارەدان بوونەتەوە.
تا ئێستاش دادگای ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ ١١ خۆپیشاندەری تر دەرکردووە، بەوتەی چالاکوانانیش ١٢ کەسی تر لەبەردەم ھەڕەشەی سزاداندان و لەوانەیە سزاکەیان بگاتە لەسێدارەدان.