ستالین چۆن بە بڕیارێک چوار ملیۆن مرۆڤی لە برسان کوشت؟
کوردسات نیوز
١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
٢٬٥٤٥
لە ساڵانی ١٩٣٢ - ١٩٣٣ سیاسەتەکانی ستالین بە ھاوبەشیی لەگەڵ "لازار کاگانۆڤیچ"ی یاریدەدەر و دەستەڕاستی بوونە ھۆی پەیدابوونی گەورەترین برسێتی و قاتوقڕیی سەدەی رابردوو، ئۆکراین کە خۆی پێشەنگی بەرھەمھێنانی دانەوێڵەبوو، دانیشتووانەکەی لە برساندا جەستەی یەکتریان دەخوارد.
ستالین کاتێک دێتە سەر دەسەڵات، پلانێک دەخاتە ڕوو بۆ چاکسازیی ئابووریی کە دەبوو لە ماوەی پێنج ساڵ جێبەجێ بکرێت، سەرەتای چاکسازییەکەش ئەوەبوو کشتوکاڵی کرد بە کەرتی گشتی و ڕاستەوخۆ دەوڵەت خاوەنداری دەکرد، ئەمەش زیاتر بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی پیشەسازی بوو بە تایبەتی پیشەسازییە قورسەکانی وەک: دەرھێنانی کانزا و پەرەپێدانی کەرتی وزە و بەرھەمھێنانی پۆڵا.
دانیشتووانی ئۆکراین کە زیاترخەریکی کشتوکاڵ بوون زەرەرمەندی سەرەکیی ئەم سیاسەتە بوون، لە وەرزی دروێنەی بەروبوومەکاندا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بڕی پێداویستیی ناوچەکە، دەمودەست بەروبووم و دانەوێڵەکان کۆدەکرانەوە و دەبران، خۆراک نەک پێداویستیی پڕنەدەکردەوە، بەڵکوو خواردن بە ھیچ شێوەیەک دەستنەدەکەوت، خەڵک گۆشتی سەگ و پشیلە و کۆتر و باڵندەکانی تریان دەخوارد، تەرم ھەموو کوچە و کۆڵانێکی تەنی بوو، لە ھەندێک تۆمار و بەڵگەنامەشدا باس لەوە دەکرێت کە ھەندێک کەس دەستیان دابووە خواردنی گۆشتی تەرمەکان.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵ و وێنەی قاتوقڕییەکە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا ئامادەی ناردنی ھاوکاریی بوون، بەڵام "میخائیل کالینین" سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی جێبەجێکاری سۆڤیەت ڕەتیکردەوە برسێتی لە ئۆکراین ھەبێت و گاڵتەی بە دەستپێشخەرییەکەی ڕۆژئاوا ھات و بە پیلانگێڕی و بڵاوکردنەوەی ئاژاوە لە دژی سۆڤیەت دانا، ھەروەھا ڕەخنەی تووندی لە سیستمی سەرمایەداریی دەگرت و بە سووکایەتییەوە بە فریودەر و دز ناوی دەبردن.
لەلایەکی تریشەوە، مەکسیم لیتڤینۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەوسای یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە دەنگۆی ھەبوونی برسێتی دوورە لە ڕاستییەوە، ئەوەی ھەیە چەند ماددەیەکی خۆراکی کەمبوونەتەوە و کێشەکە کاتییە و ناگاتە ئاستی برسێتی.
لیتڤینۆڤ داوا لە بەریس سکڤیرسکی باڵیۆزی سۆڤیەت لە واشنتۆن دەکات ھەتا لە کاتی لێدوانەکانیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان، کەمیی خۆراک بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێژەی گەشەی دیمۆگرافیی ئۆکراین، کە لە پێنج ساڵی رابردوودا لە ٢٪ زیادی کردووە. ھەروەھا بۆ ئاماری مردنی خەڵکی ئۆکراینیش ژمارەیەکی کەمتری بۆ دابنێت.
رژێمی سۆڤیەتیش لەلای خۆیەوە سزای زیندانیکردن و کاری زۆرەملێی بۆ ماوەی پێنج ساڵی بەسەر ھەر کەسێکدا دەسەپاند کە باس لەو کارەساتە بکەن، لەلایەکی تریشەوە، لێپرساروانی مۆسکۆ ڕاستەوخۆ دەستکاریی ئاماری قوربانییەکانیان دەکرد، بەپێی بەڵگەنامەکان، ئاماری قوربانیانی کییڤ بۆ سێ ھێندە کەمکراوەتەوە، ھەروەھا بە دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی لەدایکبوون و مردن ھێندەی تر پرسەکەیان تەمومژاویتر دەکرد.
دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ بەسەر قاتوقڕییەکەدا، کاتێک سەرژمێریی دانیشتووان دەکرێت، ستالین چەندین سەرپەرشتیاری ئەو سەرژمێرییە سەرەونگوم دەکات، ھەروەھا ئاماری راستەقینەی دانیشتووانیش دەستی بەسەردا دەگیرێت و بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە بەشی ئەرشیفی وەزارەتی ئابووریی سۆڤیەت دەشاردرێتەوە. لەو ئامارەدا کە لە ساڵی ١٩٣٧ کراوە، ژمارەی دانیشتووان بە ١٦٢ ملیۆن کەس دەستنیشانکراوە، ئەمەش لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٢٦ دا ژمارەی تەواوی دانیشتووانی سۆڤیەت ١٤٧ ملیۆن کەس بوون، ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەش لەلایەن لێپرسراوانی مۆسکۆوە ھیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەوە نەدرا، دانانی ئەو ژمارە وەھمیەش لە ئاماری ساڵی ١٩٣٧یش تەنیا بۆ شاردنەوەی ژمارەی قوربانییەکان بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم کارەساتە لەلایەن چەندین وڵاتەوە بە جینۆساید ناسێندراوە، دوای بەرپابوونی جەنگی رووسیا و ئۆکراین، ئەم دۆسیەیە زیاتر دەوروژێنرێت و باسی لێوە دەکرێت، مۆسکۆش دوای ئەوەی نەیتوانی رووداوەکە بشارێتەوە، لە دوایین ھەوڵوێستیدا رایگەیاندووە، کە ئەم کارەساتە تەنیا تایبەت نییە بە ئۆکراینییەکانەوە، بەڵکوو لەو کاتەدا رووسەکان و کازاخەکان و تەواوی دانیشتووانی یەکێتیی سۆڤیەتیش بەدەست برسێتییەوە دەیانناڵاند.