ئیلۆن ماسک ئامادەیی پیشاندا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ ئێران دابین بکات
ڕێبوار
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٤٣٧
لە وەڵامی تویتێکی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ بەھێزکردنی ئازادی ئینتەرنێت و ئازادی گەیاندنی زانیاری بە ئێرانییەکان، ئیلۆن ماسک، ئامادەیی پیشاندا لەڕێی مانگی دەستکردەوە خزمەتگوزاری ستارلینک بۆ ئینتەرنێت کارا بکەن و ئینتەرنێت بۆ ئێران دەستبەردەکەن.
پیشتریش ماسک داوایکردبوو کۆمپانیاکەی بەدەر بکرێت لە سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران تاوەکو بتوانێت لەڕێی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە ئینتەرنێت بۆ ناوخۆی ئێران دابین بکات.
(ئەنتۆنی بلینکن) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی ھەینی رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگەدەدات بە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا خزمەتگوزاری زیاتری ئینتەرنێت بۆ خەڵکی ئێران دەستبەر بکەن. رونیشیکردەوە، ئەو ھەنگاوانەی واشنتۆن بڕیاری لە سەر داون، ھاوکار دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی ھەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ چاودێریکردنی ھاوڵاتییەکانی و سەپاندنی چاودێری بەسەریاندا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش لە راگەیەنراوێکدا کۆتوبەندەکانی ھەناردەکردنی تەکنەلۆژیای بۆ ئێران سوککرد ، ئەوەش رێگە خۆش دەکات بۆ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی، خزمەتگوزاری پێشکەشکردنی ئینتەرنێت بۆ ئێران فراوان بکەن.