پڕۆژە یاساکە لەلایەن سیناتۆر تید کروز پێشکەشکراوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکاتە لەوەی بەرپرسانی نزیک لە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە تایبەت  ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی ئێران سەردانی ئەمریکا بکەن و بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بکەن کە بڕیارە ئەم مانگە لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت.

ئیدارەی بایدن لەلایەن ژمارەیەک کۆنگرێسمانەوە ڕووبەڕووی گوشاری توند بووەتەوە تاکو ڤیزا نەدات بە بەرپرسانی ئێران بە تایبەت دوای ئەوەی تاران تۆمەتباردەکرێت بەوەی دەستی ھەبووبێت لە ھەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسانی ئەمریکا لەوانەش مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا. 

لەگەڵ زۆربوونی گوشارەکان، ئیدارەی جۆ بایدن باسی لەوەکردووە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە ھەیە واشنتۆن پابەندە بە رێگەدان بە سەردانیکردنی رەئیسی بۆ وڵاتەکەی تاکو بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. 

پرۆژە یاساکەی تید کروز لەژێر ناوی رەتکردنەوەی پێدانی ڤیزا پێشکەشکراوە بۆ ئەوەی رەئیسی و وەفدی یاوەری سەردانی نیویۆرک نەکەن.