نیکۆل باشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە وتەیەکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ھێزەکانی ئازربایجان لە حەوت میحوەرەوە ھێرشیانکردووەتە سەر سنورەکانی وڵاتەکەی و بەھۆی تۆپبارانەکانەوە ٤٩ سەربازی وڵاتەکەی کوژراون.

وتیشی، لەچەند سەعاتی رابردوودا رادەی پێکدادانەکان کەمبووەتەوە، بەڵام ھێشتا بەردەوامە.

لەبەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ئازربایجان، ھێزەکانی ئەرمینیای تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی ھێرشی تێکدەرانەی فراوان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانیان لە ناوچە سنورییەکان . 

رونیشیکردووەتەوە، تۆپبارانی  ھێزەکانی ئەرمینیا کوژرانی ژمارەیەک سەربازی وڵاتەکەی لێکەوتووەتەوە بەبێ ئەوەی ژمارەیان ئاشکرا بکات.

سەرھەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان ئەرمینیا و ئازربایجان نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ئەمریکا و روسیا و ئێران و تورکیا داوایان لە ھەردوو وڵات کرد شەڕ رابگرن.