یۆرۆنیوز: تورکیا کاروانێکی بە کۆمەڵی پەنابەرە سورییەکان بەرەو ئەوروپا بەڕێدەکات
کوردسات نیوز
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٣٥٥
ماڵپەری یۆرۆنیوز ئاشکرایکردوە، گروپێک لە پەنابەرانی سوری لە تورکیا کاروانێکی بە کۆمەڵ بە ناوی “کاروانی نوور-کۆچ بەرەو ئەوروپا” پێکدەھێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوە کردوە، لە ڕێگەی کەناڵێکی تەلەگرامەوە کار بۆ داڕشتنی پلانی کاروانەکە و پەیوەندییکردن بە کاروانەکەوە دەکرێت، تائێستاش نزیکەی ٧٠ ھەزار کەس پەیوەندییان بە کەناڵەکەوە کردووە. ڕێکخەرانی کاروانەکە داوا لە خەڵک دەکەن، کیسەی خەوتن و چادر و چاکەتی و ئاو و خواردنی لە قوتوونراو و کیتی فریاگوزاری سەرەتایی لەگەڵ خۆیان بھێنن.
ڕێکخەرانی کاروانەکە دەڵێن، کاروانەکە دابەش دەبێت بەسەر گروپی ٥٠ کەسییدا، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی کەناڵە تەلەگرامییەکە لە پەیامێکدا وتوویەتی،"ئێمە ١٠ساڵە لە تورکیاین، پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەو بارگرانییە لەئەستۆ بگرن".
نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار پەنابەری سوریی بە فەرمی لە تورکیا دەژین و ھەوڵ دەدەن بچن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.