لیژنەی یاسایی دیارترین خاڵە ناکۆکەکان لەبارەی پرۆژەیاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەھۆی گرژییەکانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ژمارەیەک پاسەوانی پەرلەمانتاران رەوانەی زیندان کراون.
مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، پرۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان زۆرترین مشتومڕیان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەرە و فراکسیۆنەکان نەگەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە، ئەوەش وایکردووە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی ئەو سێ پرۆژەیاسایە گرژی دروستبێت و دانیشتنەکە ھەڵپەسێردرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەویی بۆ خاوەنەکانیان، لە ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی تر گۆڕانکاری تێدا کراوە، بە جۆرێک پرۆژەیاساکە لە سەرەتاوە نزیکەی ھەشت بۆ نۆ بڕیاری گرتووەتەوە و دوای گۆڕانکارییەکە بووە بە ١٧ بڕیار، ئەوەش زۆرترین ناڕەزایەتی پەرلەمانتارە سوننەکانی سنووری کەرکوک و چەند فراکسیۆنێکی شیعەی لێکەوتووەتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی وتیشی، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، گرژی لە نێوان ژمارەیەک پاسەوانی پەرلەمانتاران دروستبووە و دواتر لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران پاسەوانەکان رەوانەی زیندان کراون، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.