جۆن کێربی ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئاشکرایە تا ئێستاش کەلێن ھەیە و ئەوان نزیک نین لەوەی ڕێککەوتنێک بکەن سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

کێربی ئاشکرایکرد، ئەوان نەگەیشتوونەتە ئاستی ڕێککەوتنێک وەک ئەوەی خواستیان بۆی ھەبوو.

لە سەرەتای مانگی ئابی ڕابردووەوە لە ڤیینەنا، بێ ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دەستی پێکردووە.

بە گوێرەی ڕەشنووسی پێشنیازکراوی یەکێتی ئەوروپا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، سزا سەپێنراوەکانی سەر تاران سوک دەکرێن، لە بەرامبەر ھەنگاوی پێویست لە لایەن تارانەوە بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی تایبەت بە سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان و ڕێگەدان بە دانانی چاودێری لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیدا.