رۆژنامەی حورییەت بڵاویکردەوە، دوای سەردانەکەی ئەمڕۆ شەممە بۆ ئازەربایجان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە فرۆکەیەکدا بە رۆژنامەنوسانی وت، بۆ پاراستنی سنورەکانیان ئۆپەراسیۆنی نوێ ئەنجامدەدەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە باکووری عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن، دەڵێت، لە ئەگەری ھەبوونی بچووکترین ھەڕەشە لە دژیان، بە تووندی وەڵامیان دەبێت.

وتیشی، رازی نابن بە ئەندامبوونی سوید و فنلەندا لە ناتۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ سوید و فنلەند بۆ ئەو مەبەستە لە ئاستی پێویستدا نەبوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، ھیچ ھەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا نەنراوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سوید کرد لەگەڵ ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات، ئەمەی وەک بەڵگەیەک بۆ پشتگیریی سوید لە ھێزە کوردییەکانی سووریا ھێنایەوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، ئەڵمانیا و فەرەنساش پشتیوانی لە ھێزە کوردییەکانی سووریا دەکەن.