بەرپرسانی نیپاڵ بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، فڕۆکەی جۆری "تارا ئایر" لە شارۆچکەی گەشتیاری پۆخارا کە نزیکەی ١٢٥ کم لە رۆژئاوای کاتماندۆی پایتەختەوە دوورە، بەرز بووەتەوە و بەرەو جۆمسۆم ڕۆیشتووە کە نزیکەی ٨٠ کم لە باکووری رۆژئاواوە دوورە. 

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی نیپاڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "یەک ھێلیکۆپتەری گەڕان بەھۆی خراپی کەشوھەوا بەبێ ئەوەی بتوانێت شوێنی فڕۆکەکە بدۆزێتەوە، گەڕاوەتەوە بۆ جۆمسۆم".

راشیگەیاند، "ھەلیکۆپتەرەکان ئامادەن بۆ ئەوەی لە کاتماندۆ و پۆخارا و جۆمسۆمەوە ھەڵبفڕن کاتێک بارودۆخی کەشوھەوا باشتر دەبێت. تیمەکانی گەڕانی سوپا و پۆلیس بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوتوون."

بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەکە چوار ھاوڵاتی ھیندی و دوو ئەڵمانی و ١٦ کەسی نیپالی ھەڵگرتووە کە سێ کەسیان تیمی فڕۆکەوانی بوون. ئاماژە بەوەشکراوە، حەوت کەس لەو سەرنشینانە ژن بوون.

بەرپرسێکی ھێڵی ئاسمانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە، فڕۆکەکە پێنج خولەک پێش ئەوەی لە جۆمسۆم کە شوێنێکی گەشتیاری و زیارەتی بەناوبانگە بنیشێتەوە، پەیوەندی لەگەڵ تاوەری کۆنترۆڵکردنەکە لەدەستداوە.

فەرمانگەی کەشناسی ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەوری چڕ لە ئاسمانی ناوچەی پۆخارا-جۆمسۆن بینراوە کاتێک کە فڕۆکەکە لە گەشتەکەیدا بووە.