وتەبێژی پۆلیسی بەندەرەکانی یۆنان ڕایگەیاند، لەسەر داوای دادگای ئەمریکا ئەو نەوتە ئێرانیەی لە مانگی ڕابردوودا لە کەشتیەکی ڕووسیدا دەستی بەسەردا گیرا، ڕادەستی ئەمریکای دەکەن.

ئەو نەوتە لە ١٩ی نیساندا لە کەشتی "لانا"ی ڕووسی لەلایەن یۆنانەوە دەستی بەسەردا گیرا دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بە سزادانی ڕووسیا بەرامبەر داگیرکردنی ئۆکراین، بە پێی ڕاپۆرتەکانیش، بڕی ئەو نەوتە ١١٥ ھەزار تۆنە.

لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوەدا، لێپرسراوانی ئێران بە توندی ناڕەزاییان دەربڕیوە و جەختیانکردووەتەوە لەوەی دەستبەرداری مافە یاساییەکانیان نابێت.

باسیان لەوەشکردووە، ئاگادارن ئەمریکا لە ڕۆژی سێشەممەوە کەشتییە نەوتیەکەی بەتاڵ کردووە، بەڵام داوای لە یۆنانن کردووە کەشتیەکە و تیمەکەشی ئازاد بکات.