لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمریکا ٢١ کەس کوژران
کوردسات نیوز
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢
٦٩٢
تەقەکەرەکە کەسێکی تەمەن ١٨ ساڵە و لە ھێرشەکەدا خوێندنگەی ڕۆبی سەرەتایی لە شاری یوڤاڵدێ کردووەتە ئامانج و لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە. لێکۆڵەران دەڵێن تۆمەتبارەکە دەمانچەیەکی دەستی و تفەنگێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی AR-١٥ی پێبووە.
گومان دەکرێت ئەو ھەرزەکارە لە سەرەتای ھێرشەکەدا تەقەی لە داپیرەی کردبێت و میدیا ناوخۆییەکانیش باس لەوە دەکەن کە رەنگە خوێندکاری ئامادەیی بووبێت لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی پۆلیسی شاری یوڤاڵدێ، پیت ئاریدۆندۆ رایگەیاند رووداوی تەقەکردنەکە رۆژی سێشەممە سەعات ١١:٣٢ بە کاتی ئەمریکا روویداوە، و لێکۆڵەرانیش دەڵێن تەقەکەرەکە بەتەنیا کردەوەکەی ئەنجامداوە.
گرێگ ئابۆت، پارێزگاری تەکساس ناسنامەی تەقەکەرەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ناوی سەلڤادۆر رامۆس-ە. یەکێک لەو کەسە پێگەیشتووانەی کە کوژراوە مامۆستایەک بووە، کە لە میدیاکانی ئەمریکادا بە ئیڤا میرێلێس ناسێندراوە.
قوتابخانەی ڕۆب سەرەتایی وانە بە خوێندکارانی پۆلی دووەم و سێیەم و چوارەم دەڵێتەوە، کە تەمەنیان لە حەوت ساڵەوە تا ١٠ ساڵ دەبێت. نزیکەی ٥٠٠ خوێندکار لە قوتابخانەکەدا دەخوێنن کە زۆرینەیان ھاوڵاتی ئیسپانین و نزیکەی ٨٥ میل (١٣٥کم) لە ڕۆژئاوای شاری سان ئەنتۆنیۆ دوورە.