ژنانی پێشکەشکار و پەیامنێری کەناڵەکانی ئەفغانستان بە پەچەوە دەردەکەون
کوردسات نیوز
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٢
٩١٠
ڕۆژێک پێشتر، بەشێک لە پێشکەشکار و بێژەری کەناڵەکانی ئەفغانستان بۆ بەرھەڵستیکردن، سەرپێچی فەرمانەکەی تاڵیبانیان کردبوو و دەموچاویان بە دیار ھێشتبووەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن خاوەنکارەکانیان کەوتوونەتە ژێر فشارەوە و ناچاریان کردوون بە باڵاپۆشییەوە بچنە سەر شاشە.
پێشتر تاڵیبان فەرمانی باڵاپۆشی بۆ ژنان دەرکرد، بەپێی فەرمانەکە دەبێت ھەموو ژنان لە شوێنە گشتییەکان و لەکاتی چوونە دەرەوە پەچە بپۆشن، بەپێچەوانەوە ڕوبەڕووی سزا دەبنەوە.
سۆنیا نیازی، پێشکەشکاری بەرنامەی TOLOnews بە ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: ئێمە لەدژی بووین و نامانەوێت ماسک ببەستین.
بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کەناڵەکە فشاریان لەسەر بووە و پێی وتوون، کە دەبێت پێشکەشکارە ژنەکان بگوازرێنەوە بۆ کارەکانی دیکە یان لەکارەکانیان دووربخرێنەوە ئەگەر پابەند نەبوون.
خپۆلواک سەپایی، جێگری بەڕێوەبەری کەناڵەکە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە خەمێکی قوڵداین".