شا عەبدوڵا پاشای ئۆردن لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و لە میانی دیدارێکی لەگەڵ پەیمانگای ھۆڤەری سەر بە زانکۆی ستانفۆرد رایگەیاند، ئۆردن لە سنورەکانی لەگەڵ سوریا روبەڕوی چەند گرفتێکی ئەمنیی بووەتەوە و بەبەردەوامی دەکرێنە ئامانج، ئاگاداری ئەوەشن کە چ گروپ و لایەنێک لە پشت ئەو ھێرشانەوەیە، وتیشی بەشداری سەربازیی روسیا لە باشوری سوریا مایەی ئارامی و ئاسایش بوو بۆ ئەو وڵاتە و ئێستا کە ھێزەکانی روسیا دەکشێنەوە، پێدەچێت ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە شوێنەکانیان بگرنەوە.

شا عەبدوڵا راشیگەیاند، وڵاتەکەی تاوتوێ ئەو پرسە دەکات، چونکە پێشبینی دەکەن بەو بڕیارە ئاڵۆزییەکانی سەر سنور پەرەبسەنن، ئاشکراشیکرد، ھەوڵێک لە نێوان وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بەبێ ھاوکاری ئەمریکا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەئارادایە و بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە گفتۆگۆ لەگەڵ ئێران کردووە.

شای ئۆردن بە ئاماژە پێدان بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ھیوای خواست، دانوستانەکان ئەنجامی ئەرێنیان لێبکەوێتەوە بەڵام راگەیاند، لە ئێستادا بەکردار ئەو گەشبینییە بەدی ناکرێت.

بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان لە چەند ھەفتەی رابردوودا، روسیا بەھۆی شەڕی ئۆکراین و پێویستییە سەربازییەکانی، دەستی بە کشانەوەی ھێزەکانی لە سوریا کردووە و لە قۆناغی یەکەمیشدا یەکە تایبەتەکەی روسیا بەناوی ڤاگنەر کە نزیکەی ٢٠٠ سەرباز لەخۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەیەک ھەلیکۆپتەر و تانک و زرێپۆش گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

ئۆردن یەکەم وڵات نییە کە نیگەرانی لە کشانەوەی ھێزەکانی روسیا لە سوریا دەردەبڕێت و مانگی رابردوش میدیای ئیسرائیل لەزاری لێپرسراوانی باڵای وڵاتەکە بڵاویکردەوە، بەجددی نیگەرانی زیادبونی ھێزەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتەن لە سنورەکانی سوریا و بەوردی بەدواداچون بۆ دەرەنجامەکانی ئەو گۆڕانگاریانە دەکەن.