رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سوریا راگەیاندووە، حکومەتی تورکیا قۆناغی یەکەمی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریای جێبەجێکردووە کە ژمارەیان ١٠٠ کەسە، لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ سوریا و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و  گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی نێشتەجێ دەکرێن.

بە پێی رێکخراوەکە زۆربەی ئەو ئاوارانە خەڵکی شارەکانی حومس و حەلەب و ئیدلب و دێرەزور و دیمەشقن و تورکیا رێگە نادات بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵکو لە ناوچە کوردییەکان نیشتەجێیان دەکات.

تەڤگەری کومەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم)یش راگەیاندوە، ئەو پرۆسەیە زۆر مەترسیدارە و داوا لە ھێزە سیاسییە عەرەبی و کوردییەکانیش دەکات لە دژی ئەو پرۆسەیە بوەستنەوە.