ئاژانسی ناوەندی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، پێدەچێت توشبووەکە کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆنی ھەبێت کە مەترسی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی زۆرە. 

ھاوکات کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور رایگەیاند، لەڕێی پەیڕەوکردنی سیستمێکی کەرەنتینی توند ھەوڵدەدەن لە کەمترین کاتدا ڤایرۆسەکە لەناوببەن، فەرمانیشی کرد بە توندکردنی چاودێری لە سەر سنورەکان و داواشی لە ھاوڵاتیان کرد ھۆشیار بن و کار بکەن لەسەر رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، وتیشی چالاکییە بازرگانییەکان رێکدەخرێنەوە.  

لەو کاتەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیھاندا بڵاوبووەتەوە، ئەوە یەکەمین جارە کۆریای باکور بەرەسمی حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا رابگەیەنێت، تەندروستی جیھانیش رایگەیاندبوو، سەرجەم پشکنینەکان لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٠ نێگەتیڤ بوون، چاودێرانیش دەڵێن، سیستمی  تەندروستی لە کۆریای باکور زۆر لاوازترە لە بەرامبەر  ڤایرۆسێکی لەو جۆرەدا.