ڕێکخراوی یونسێف لە نوێترین ڕاپۆرتدا بڵاویکردووەتەوە، لە ٣ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢١٣ منداڵ لە سوریا بوونەتە قوربانی، زیاتر لە ٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار منداڵ پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە، کە ئەوە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردووی جەنگی سوریادا تۆماربکرێت.

یونسێف ڕاشیگەیاند، دابینکردنی بودجە بۆ ھەڵمەتە مرۆییەکان کەمی کردووە، داواشی کرد ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھەڵمەتە مرۆییەکان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دابین بکرێت. 

ھاوکات لە "برۆکسل" شەشەمین کۆنفرانسی پشتیوانی بۆ داھاتووی سوریا بەردەوامە، بۆ پشتیوانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە سوریا.