بەشێک لە چالاکوانان ئەندامانی سەندیکای کرێکاران و ئەندامانی چەند حزبێکی سیاسی چەپڕەو ھەوڵی گەیشتنیان بە گۆڕەپانی تەقسیم لە "ئیستەنبوڵ" دەدا، بەڵام لەلایەن ھێزی پۆلیسەوە رێگرییان لێکرا و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا و دەیان خۆپیشاندەریش دەستگیرکران.

پارێزگاری ئیستەنبوڵ تەنیا ڕێگەپێدانی بۆ خۆپیشاندەرانی یەک ناوچە کردووە و دەڵێت خۆپیشاندان لەو ناوچانەی کە ئاماژەیان پێنەکراوە قەدەغەیە و نایاساییە.

لە ئیستەنبوڵ بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران بە زەبری ھێز بڵاوەیان پێکرا. لە ناوچەی بێشکتاش ٣٠ خۆپیشاندەر و لە ناوچەی سیلسی ٢٢ خۆپیشاندەری دیکە دەستگیرکران.

پارێزگاری ئیستەنبوڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ١٦٤ خۆپیشاندەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی نایاسایی دەستگیرکراون.

ساڵانە لە رۆژی جیھانی کرێکاراندا، یادی خۆپیشاندانەکەی یەکی ئایاری ساڵی ١٩٧٧ی ناوچەی تەقسیمی ئیستەنبوڵ دەکرێتەوە، کە ھێزە ئەمنییەکان پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا و لە ئەنجامدا ٣٤ خۆپیشاندەر کوژران و ١٣٦ی تریش برینداربوون، ساڵانەش ھێزەکانی پۆلیس ناوەڕاستی شاری ئیستەبنوڵ دادەخەن و تەنھا رێگە بە چەند چالاکییەکی کەم بەبۆنەی رۆژی جیھانی کرێکارانەوە دەدەن.