وەزارەتی بەرگریی ئۆکراین بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ھێرشەکانی روسیاوە تاکو ٣٠ی مانگی نیسان، زیاتر لە ٢٣ ھەزار و ٢٠٠ سەربازی روسیا کوژراون و ھەزار و ھەشت تانک و دوو ھەزار و ٤٤٥ زرێپۆش و ٤٥٦ سیستمی بەرگریی مۆسکۆیان تێکشکاندووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، ١٤٣ فڕۆکە و ١١٢ ھێلیکۆپتەر و ٦٦٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دوو ھەزار و ٥٠٣ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکراینان لەناوبردووە.

ھاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، سوپای روسیا ھێزی زیاتری بەرەو خۆرھەڵاتی ئۆکراین جوڵەپێکردووە و جێگیرکردنی ھێزی زیاتی لە ھەرێمی خارکیڤ بۆ دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر دۆنباس.