کۆمسیۆنی زیندانەکانی ناوەندی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا رایگەیاند، لەئێستادا ٣٤١ ھەزار و ٥٠٢ زیندانی لە تەواوی گرتوخانەکانی تورکیا ھەیە، بەشێکی ئەو زیندانیانەش نەخۆشی قورسیان ھەیە و پێویستە ئازاد بکرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەزار و ٥١٧ زیندانی نەخۆش لە گرتوخانەکاندا ھەیە، لەو ژمارەیەش ٦٥١ کەسیان تەندروستییان خراپە و نەخۆشی قورسیان ھەیە و پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

کۆمیسیۆنەکە راشیگەیاندوە، لەگەڵ سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چەند یاسایەک بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان دەرکران، بەڵام جیاوازی لە ئازادکردنی زیندانییەکاندا کراوە، بەشێکی ئەوانەی ئازادکراون ئەندامی رێکخراوە تاوانکارییەکان و کەسانی تاوانباری دادوەری بوون، لە ئازادکردنەکانیشدا زیندانیانی سیاسی پشتگوێخراون.