"ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ" وەزیری بەرگری ئۆکراین ڕایگەیاندووە، لە بەردەوامیی ھێرشەکانی ڕووسیا و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای ئۆکراین و سوپای ڕووسیا، پێشبینی دەکەن چەند ھەفتەیەکی زۆر سەختیان لە بەردەمدا بێت، ھەر بۆیە داوای لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە خۆڕاگر و یەکریز بن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ڕووسیا ھێزەکانی کۆکردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی ھێرشێکی گەورە لە خۆرھەڵاتی وڵاتەکە، ڕاپۆرتە ئەمنییەکانی ڕۆژئاواش پێشبینی دەکەن بەھۆی ئالۆزتربوونی ڕەوشەکەوە جەنگی نێوان ئۆکراین و ڕووسیا بۆ چەند مانگێکی تر درێژە بخایەنێت.

ئەوە لە کاتێکدایە ڕووسیا لە مانگی ڕابردوو ھێزەکانی لە دەوروبەری کیێڤی پایتەخت کشانەوە و ڕایگەیاند کە دووبارە ئەو ھێزانە لە ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین دابەشدەکرێنەوە و لەمەودوا ڕووسیا زیاتر گرنگی بە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ئۆکراین دەدات بە تایبەت ھەرێمی دونباس.