لەدوای سەرکەوتنی ماکرۆن، ئەڵمانیا و بەلجیکا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپا پیرۆزباییان لە ماکرۆن کرد.

لە ھەرێمی کوردستانیش، سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پیرۆزباییان لە ماکرۆن کرد جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی ھەردولا کردەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە ھاوڕێم ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم بەبۆنەی دووبارە ھەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی فرەنسای ھاوبەشی گرنگی عێراق، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، ھەروەھا ئومێدی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی فەرەنسا دەخوازم".

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا تاوەکو ئێستا ٩٧٪ی دەنگەکان ھەژمارکراون و ماکرۆن ڕێژەی ٥٧.٤٪ی دەنگەکانی بردووەتەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و دەستنیشانکردنی ماکرۆن وەک براوە، سەرۆکە گەنجەکەی فەرنسا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند زۆربەی خەڵکی فەرەنسا تەنیا بۆ ئەوە دەنگیان پێداوە مارین لۆپێن لە کایەی سیاسی دوور بخەنەوە و بەڵینیدا ژیانی خراپی ڕۆژانەی فەرەنسییەکان باش بکات.

ماکرۆن لە وتارەکەیدا وتی "خەڵکێکی زۆر لەم وڵاتە دەنگیان پێدام لەبەر ئەوە نا کە پشتگیری بیرو باوەڕەکانم بووبن، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان دوور بخەنەوە. دەمەوێت سوپاسیان بکەم و من ئێستا بۆ چەند ساڵی داھاتوو قەرزاری ئەوانم."

لە ٢٠ ساڵی رابردوودا ئەمە بۆ یەکەم جارە سەرۆککۆماری فەرەنسا دووبارە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی لە ھەڵبژاردن سەربکەوێت و بۆ دووەم خول ببێتەوە بە سەرۆک.

ماکرۆن لە ساڵی ٢٠١٧ وەک کاندیدی سەربەخۆ گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ و لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتیدا  روبەڕوی کۆمەڵێک ئاستەنگ بووەوە بەتایبەتی دوای بەرزکردنەوەی باجی سەر سوتەمەنی کە ئەوەش خۆپیشاندانی ھێلەک زەردەکانی لێکەوتەوە.

لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆناش یەکێکی تر بوو لە ئاستەنگەکانی بەردەم دەسەڵاتی ماکرۆن کە بەھۆیەوە تا ئێستا ١٤٠ ھەزار فەڕەنسی گیانیان لەدەستداوە.