وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەھۆی دژایەتیکردنی روسیا و دروستکردنی ھەستی دوژمانەیەتی بەرامبەر وڵاتەکەیان، رێگە بە ٢٩ کەسایەتی ئەمریکی و ٦١ کەسایەتی کەنەدی نادەن بچنە خاکی روسیا.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، دیارترین ئەو کەسایەتی و لێپرسراوە ئەمریکیانەی سزادراون، بریتین لە کامالا ھاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ھاوسەرەکەی و جێگری وەزیری دەرەوە و وتەبێژانی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا. لەنێو سزادراوەکاندا ناوی مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای میتاش ھاتووە.

دیارترین ئەو لێپرسراوە کەنەدییانەش کە لەنێو لیستی سزاکانی روسیادان بریتین لە فەرماندەکانی ھێزی ئاسمانی و دەریایی و سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری کەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا جەختیشیکردووەتەوە، لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵێک سزای نوێ دژی ئەو دوو وڵاتە رادەگەیەنێت.

لە لایەکی تریشەوە حکومەتی ئوسترالیا سزای بەسەر ١٤٧ کەسایەتی روسیادا سەپاند کە دیارترینیان سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیایە.