لیژنەی باڵای ھەماھەنگی بۆ رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عیراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات لە سەربازییەوە بگۆڕێت بۆ ئابووری و چەند بوارێکی تر.


وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە لیژنەی باڵای ھەماھەنگی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عیراق کۆبووەتەوە و چۆنێتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆنیان تاوتوێکردووە و نەخشەی کاری کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەکەشیان دیاریکردووە کە بڕیارە لە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت و کە ھاوکاری نێوان ھەردوو وڵات لە بوارەکانی سیاسی و دیبلۆماسی و ئاسایش و بەرگری و وزە و ئابووری و پەروەردە و تەندروستی و ژینگە دەگرێتەوە.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە پێویستی گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن کە تەنھا لە بواری سەربازیدا نەبێت و ئەو پەیوەندییە بگۆڕێت بۆ بوارەکانی ئابووری و تەندروستی و پەروەردە.