لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سەر بە دەوڵەتی ئێران (ISNA)، عەلیڕەزا تەنگسیری ڕایگەیاند تاران پێشنیارێکی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەبەرامبەر وازهێنان لە تۆڵەکردنەوەی کوشتنی فەرماندەی پێشووی قودسی سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی.

بە وتەی تەنگسیری، ئێران ئەو پێشنیارەی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت "دوژمنەکانمان بەردەوام پەیام دەنێرن و دەڵێن ئەگەر واز لە تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی بهێنن ڕێکدەکەوین و هەندێک لە گەمارۆکان هەڵدەگرین، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی بەتاڵە."

تەنگسیری دەشڵێت "وایان دەزانی دەتوانن شەهید سولەیمانی لەنێو ببەن، بەڵام ئێستا دەبینین چەندێک حاجی قاسم لە جیهاندا هەیە."

وتیشی ئەوان جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت تۆڵە بسێنرێتەوە و فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران پێیوتوون تۆڵەکردنەوەکە هەر دەبێت ڕووبدات، بەڵام بڕیار لەبارەی شوێنی تۆڵکردنەوەکە دەدەن.