لە کۆبوونەوەیەکدا ڤلادیمێر پوتن بە وەزیری بەرگری ڕاگەیاند، لە شەڕی گرتنی ماریپۆلدا "سەرکەوتین" و ئەو ئەرکەیان بەجێگەیاندووە و پیرۆزبایی لەو وەزیرەی ڕووسیا دەکات.

پوتن بە سێرگی شۆیگو دەڵێت "توانیتان بە سەرکەوتووی شەڕی گرتنی ماریپۆل بەکۆتا بگەیەنن. من دەمەوێت پیرۆزباییتان لێبکەم بەم بۆنەیەوە، تکایە پیرۆزبایی من بگەیەنە بە سەربازەکان."

ئەوەش لەکاتێکدایە ھێشتا سەدان سەرباز و شەڕکەری خۆبەخشی ئۆکراین لەنێو شاری ماریپۆل ماون و پێشبینی ئەوەیان لێدەکرێت لەبەرامبەر سوپای ڕووسیا بووەستنەوە و شەڕ بکەن.

لە سەرەتای ھێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین، گرتنی شاری ماریپۆل بە قورسترین ئەرکی سوپای ڕووسیا دادەنرێت و بۆ ماوەی دوو مانگە سەدان ھەزار ھاوڵاتی و سەرباز لە شارەکەدا گەمارۆدراون.