وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویکردەوە، بە مووشەکی پێشکەوتوو ١٣ پێگەی ئۆکراینیان لە ناوچەکانی "دۆنباس" کردووەتە ئامانج، ھەروەھا ٦٠ پێداویستی سەربازی ئۆکراین لە ناوچەکانی نزیک بەرەی خۆرھەڵاتی وڵاتەکەوە کراونەتە ئامانجی بۆردوومانەکان. 

وەزارەتی بەرگری روسیا راشیگەیاند، سەربازەکانیان دوو کۆگایان لەناوبردووە کە کڵاوەی ئەتۆمییان تێدا بووە لە "لۆھانسک" و "خارکیڤ"، بە درێژایی شەوی ٢شەممەش مووشەک و تۆپھاوێژەکانیان ھەزار و ٢٦٠ ئامانجی سەربازییان پێکاوە.

لەلایەکی ترەوە روسیا داوای لە ھێزەکانی ئۆکراین و بەکرێگرتە بیانییەکان کردووە کارگەی "ئزوڤستال" بۆ کانزا لە شاری "ماریۆپوڵ" بەجێبھێڵن. 

ھاوکات وتەبێژی دەستەی ئەرکانی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی "لۆھانسک و دۆنێتسک"  و شاری "ماریۆپوڵ" دەدات.