"دیمیتری پۆلیانسکی" جێگری بالیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دوورە.

وتیشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری کۆبوونەوەیەکی کردووە لە نێوان ھەردوولا بۆ ڕێککەوتن لەسەر لایەنە مرۆییەکان، بەڵام لەو بارەیەشەوە ھیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. 

ھاوکات، "مارتن گریفیس" ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئۆکراین و ڕووسیا لە ئێستادا ناکرێت، بەڵام ڕەنگە لە چەند ھەفتەی داھاتوو ڕایبگەیەنن. 

"دۆناڵد تڕەمپ" سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش داوای لە ڕووسیا و ئۆکراین کردووە لە ڕێی دانوستانەوە قەیرانەکە چارەسەر بکەن، چونکە درێژەکێشانی ئەو قەیرانە سوود بە ھیچ لایەنێک ناگەیەنێت و دەبێت ھەر ئێستا چارەسەر بدۆزرێتەوە.