مانگی سوری فەلەستینی بڵاویکردەوە، لە کاتی تێکھەڵچوونەکانی نێوان گەنجانی فەلەستینی و سوپای ئیسڕائیل ١١٧ فەلەستینی بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.

مانگی سوری فەلەستین ئاماژەی بەوەشکرد، بە پەلە سەرجەم تیمە پزیشکییە مەیدانییەکانی لە شاری قودس خستووەتە ئامادەباشییەوە، بۆ بەدەمەچوونی ڕەوشەکە.

بەڵام تا ئێستا ھیچ ڕاگەیاندراوێک لە لایەن سوپای ئیسڕائیلەوە بڵاونەکراوەتەوە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی مزگەوتی ئەقسا، کە دووەم ھەینی مانگی ڕەمەزانە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان فەلەستینییەکان و سوپای ئیسڕائیل دێتە ئاراوە.

بە گوێرەی ڕێنماییەکانی پێشتری سوپای ئیسڕائیل، لە کاتی بەرپابوونی ئاڵۆزییەکان لە شاری قودس و دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا، بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشەکە، بە گوێرەی تەمەن ڕێگە دەدرێت بە نوێژخوێنان بچنە ناو گۆڕەپانی مزگەوتی ئەقسا بۆ ئەنجامدانی نوێژی ھەینی.