زاک تەحان ئەمڕۆ تۆمەتبارەکەی بینیوە و لە ڕێگەی ئەو وێنانەی پۆلیسی نیو یۆرک بڵاویکردوونەتەوە، تۆمەتبارەکەی ناسیوەتەوە و یەکسەر پۆلیسی لێئاگادار کردووەتەوە.

تەحان دەڵیت ھەر کە تەقەکەرەکەم بینیوە وتومە "ئای خوایە، ئەمە ئەو پیاوەیە، دەبێت دەستگیری بکەین."

ئەو پەنابەرە سووریە دەشڵێت "پیاوەکە لەسەر شەقامەکە بەپیادە دەڕۆیشت، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسم بینی. وتم ئەمە ئەو پیاوەیە و دەستگیرمان کرد، سوپاس بۆ خوا."

دادوەری گشتی نیو یۆرک لێتیتا جەیمس لە تویتەر ڤیدیۆیەکی زاک-ی بڵاو کردووەتەوە و دەستخۆشی لێدەکات.

 ڕۆژی سێ شەممە، پیاوێکی تەمەن ٦٢ ساڵ بە ناوی فرانک جەیمس کە ڕەش پێستە بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ ھێرشی بۆسەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە نیویۆرک ئەنجامدا و ١٠ کەس بە فیشەک بریندار بوون ١٨ کەسی دیکەش ھەر لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون.