پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ئەو دامەزراوانەی لەلایەن ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاڤا کۆنترۆڵکراون لە چوارگۆشەی ئەمنی سەر بە حکومەتی سوریا بوون لە شاری قامیشلۆ و بەڕێوەبەرایەتی دارایی و سەندیکای مامۆستایان و دامەزراوەی سوری بۆ دانەوێڵە و ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و بانکی کشتوکاڵی و نوسینگەی کارەبا و ڕابیتەی جوتیاران و چەند شوێنێکی تر لە خۆدەگرێت.

ئەو پێشھاتەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە حکومەتی سوریا گەڕەکی "شێخ مەقسود" و "ئەشرەفیە"ی لە شاری "حەلەب" گەمارۆداوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکانیان کوردن و ڕێگری دەکرێت لە چوونە ناوەوەی ئارد و سوتەمەنی و بابەتی خۆراکی بۆ ئەو گەڕەکانە.

لە بەرامبەریشدا ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاڤا گەمارۆی چوارگۆشەی ئەمنی ھەردوو شاری قامیشلۆ و حەسەکە و فڕۆکەخانەی قامیشلۆی داوە و بەربەستی چیمەنتۆیی لە ڕێگەکان بەرەو دامەزراوە حکومییەکانی سوریا داناوە، ڕووسیاش ھەوڵی نێوەندگیری دەدات بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشەکە، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەکانی ھیچ ئەنجامێکی نەبووە.