وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیھاندا ڕەخنەی لە تورکیا گرتووە و ئاماژەی بە ڕەوشی زیندانیان و دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی چالاکوانان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەی تۆمەتباران کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە ڕەوشی سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤاڵا کراوە کە سەرەڕای بڕیاری ئازادکردنیان لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، تورکیا تا ئێستا ئامادە نییە ئازادیان بکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دۆسیەی عومەر گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری ھەدەپە کراوە کە بەھۆی بڵاوکردنەوەی چەند تویتێک، بە دوو ساڵ زیندانی سزا دراوە و دواتر بە بڕیاری دادگای دەستوری ئازاد کرا و گەڕایەوە پەرلەمان.