١٤ سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆو بایدن سەرۆکی وڵاتەکەیان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارە لە کوشتنی لانی کەم ٦٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق و لە ڕێگەی پڕچەککردنی گرووپە میلیشیاکانەوە، و بە مەبەست ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا.

ئاماژەیان بەوەشکرد، سوپای پاسداران تا ئێستاش بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ کوشتنی بەرپرسانی ئەمریکی لە خاکی ئەمریکا، لەوان پلاندانان بۆ تیرۆرکردنی "مایک پۆمپیۆ" وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، ھۆشداریشیان بە بایدندا و ڕایانگەیاند، لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر نەک ھەر ھەڵەیەکی گەورەیە، بەڵکو ناپاکییە لە ھاوبەش و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە تایبەت لە ئیسڕائیل و وڵاتانی کەنداو.

مانگی ڕابردوو، ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتانی ئەوروپاوە، ئەو پەیامەی بۆ ئێران ناردووە، کە ئامادەیە بۆ سڕینەوەی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، بەو مەرجەی ئێران گرژییەکانی لەگەڵ ئیسڕائیل و ھەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە کەمبکاتەوە.