لە شاری "فرانکفۆرت" نزیکەی ٨٠٠ رەوەندی روسی خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانی لە وڵاتەکەیان رێکخست و ئاڵای روسیایان بەرز کردەوە، لە شاری "ھانۆڤەر"یش خۆپیشاندانی پشتیوانی و ناڕەزایی بەرمبەر روسیا بەڕێوەچوو، بە شێوەیەک ٣٥٠ ئۆتۆمبێل بۆ پشتیوانی روسیا رێگەکانیان گرت و ٣ ھەزار و ٥٠٠ کەسی تریش بۆ پشتیوانی لە ئۆکراین رژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارە و ژمارەیەکی زۆر ھێزی ئەمنیش بڵاوکرابوونەوە.

لە بەرامبەردا، "ئەندریە میلنیک" باڵیۆزی ئۆکراین لە ئەڵمانیا رایگەیاند، رێگەپێدان لەلایەن لێپرسراوانی ئەڵمانیاوە بۆ رێکخستنی ئەو خۆپیشاندانانە شەرمەزارییە و ئاماژەیەکە بۆ شکستی سیاسەتی حکومەتی بەرلین بەرامبەر مۆسکۆ، کە ھەر لەسەرەتاوە دوو دڵییان پێوە دیار بووە.

لە ئەڵمانیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار روسی و ٣٢٥ ھەزار ئۆکراینی دەژین، لە سەرەتای جەنگیشەوە لانی کەم ٣١٦ ھەزار پەنابەری تری ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.