کەمێک پێش ئێستا و سەعات ٩:٠٠ بنکەکانی دەنگدان لە فەڕەنسا بۆ خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، داخران و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن ٢٨.٨%ی دەنگەکان، مارین لۆپێن ٢٣.٣%ی دەنگەکان و ژۆن مێلونشۆنیش ٢٠.١%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.

تاوەکو سەعات ٥ی پاش نیوەڕۆ، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنەکەدا سەدا ٦٥ بوو، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٧ سەدا ٦٩ بوو.

ژمارەی کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا ١٢ کاندیدە و بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵ لە کۆی ٦٧ ملیۆن دانیشتوی فڕەنسا، ٤٨ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار سەروی تەمەن ١٨ ساڵ مافی دەنگدانیان ھەیە.

بڕیارە پاش کەمێکی دیکە ئیمانوێل ماکرۆن گوتارێک پێشکەش بکات لەبارەی ئەنجامە بەراییەکان و بەدەستھێنانی ٢٨.٨%ی دەنگەکان قسە بکات.

سەرۆکی فەڕەنسا چەندین دەسەڵاتی فراوانی ھەیە، چەند دەسەڵاتێکیشی لەگەڵ سەرۆک وەزیران لە بوارەکانی بەرگری و دیبلۆماسی ھاوبەشی پێکراون، لە گرنگترین ئەو دەسەڵاتانەشی پێیدراوە، تەنھا خۆی دەتوانێت بڕیاری بەکارھێنانی ھێزی ئەتۆمی بدات، بەڵام بڕیاری راگەیاندنی جەنگ بە دەست پەرلەمانە.