نیشاندەری پیسبوونی کەشوھەوای تاران لە چەند کاتێکی جیاوازی ئەمڕۆ شەممە پێوانە کراوە، تاران لە ھەر یەکە لە شارەکانی بانکۆکی پایتەختی تایلاند و کەراتچی پاکستان و شینیانگی وڵاتی چین پیسترە لە ڕووی کەشوھەواوە.

بە گوێرەی نیشاندەرەکە تاران ١٧٨ پلە بووە، لە کاتێکدا ئەو شارانەی سەرەوە لە نێوان ١٥٢ بۆ ١٥٦ پلە بووە.

لە لایەکی ترەوە ناوەندی کەشناسی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، لە ھەندێک ناوچەی تاران پیسبوونی کەشوھەوا گەیشتووەتە ٢٨٨ پلە.

محەمەد میرزا قومی سەرۆکی کۆمپانیای پێوانەکردنی پاکژی ھەوا لە تاران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشێکی خۆڵ و تەم گەیشتووەتە ڕۆژئاوای وڵات، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوونی ھەوای تاران بۆ ٢٨٨ پلە.

ئەو وتانەی "قومی" لە کاتێکدایە، موحسین مەنسوری پارێزگاری شاری تاران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کەشوھەوا کەمێک باشتر بووە و ڕێژەی پیسبوونی ھەوای تاران ھاتووەتە خوارەوە بۆ ٢٠٠ پلە.

دەستەی کەشناسی ئێران ڕۆژی ھەینی بڵاویکردەوە، خۆڵبارین لە ٢٦ پارێزگای ئێران ھەیە و کەشوھەواکە تا سبەینێش ھەر وا دەبێت.