کیم یۆ جۆنگ، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور و جێگری بەڕێوەبەری کۆمیتەی ناوەندی پارتی کرێکارانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ کۆریای باشوور بکەونە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە، ھێزە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور بە ئەرکەکانی خۆیان ھەڵدەستن، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیی لە دژی کۆریای باشوور.

چاودێرانیش دەڵێن ئەگەری بەریەککەوتنی ھەردوو کۆریا، ھەمیشە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، سەرەتای ئەم مانگەش وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، مووشەکی بەھێزیان ھەیە کە بە خێرایی توانای پێکھانی ھەر ئامانجێکی لە کۆریای باکوور ھەیە.