ھانس گرۆندبێرگ نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن ڕایگەیاند، دوای پێشنیازی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن، لایەنەکانی شەڕ لەو وڵاتە ڕێککەوتوون بۆ ماوەی دوو مانگ ئاگربەست ئیمزا بکەن و لە ئەمڕۆشەوە ئاگربەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای کۆتاییھاتنی ئەو ماوەیە دەتوانرێت ماوەی ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکاش پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد و ڕایگەیاند، ھەرچەندە ئەوە ھەنگاوێکی گرنگە، بەڵام تەنھا ئاگربەست بەس نییە و دەبێت کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن بھێنرێت.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری لایەنەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن دەکەن و ھیواخوازن دەستپێکێک بێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە.