"ئەحمەد ئاڵتون" داواکاری گشتی کە داواکارینامەی دۆسیەی کۆبانێی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" ئامادەکردووە، دۆسیەیەکی نوێی لە دژی "دەمیرتاش" کردۆتەوە، کە لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرەوە پێشکەش بە ١٧ھەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە کراوە، لە دۆسیەکەدا دەمیرتاشی بە "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆر" تۆمەتبار کردووە.

لە راپۆرتەکەی کە پێشکەش بە دادگا کراوە بانگەشەی ئەوە کراوە دەمیرتاش لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ پەیامی "بژی سەرۆک ئاپۆ"ی بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش پڕوپاگەندەیە بۆ رێکخراوی تیرۆر، داواش کراوە لە ١ تا ٥ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام تائێستا داواکارییەکە لەلایەن دادگای سزای قورسی ئەنقەرەوە قبوڵ نەکراوە.