خانەی فەتوای میسر، کە نوسینگەی لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ھەیە ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بەدواچوون دەکەن بۆ بینینی مانگ، ھەر کاتێکیش مانگ بینرا، لە ناوەندی ئەزھەر ئاھەنگێکی تایبەت بەو بۆنەیەوە ڕێکدەخرێت و یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری دەکرێت.


بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتەکانی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندارەکان، لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و لوبنان و جەزائیر و سوریا چاودێری بینینی مانگی بکەن.


سەرباری ئەوەی پێشتر نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو ٣ی نیسان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگەی فیقھی عێراقی ھیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە ڕانەگەیاندووە.


دوێنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستانیش بڵاویکردەوە، بۆ ھیچ کەسێک نییە قسە بکات لە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، چونکە ئەوە تەنھا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینی مانگە، کە لە پارێزگاکانەوە چاودێری بینینی مانگ دەکەن.