لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئەو سەربازەی پێشووی سوپای ئەمریکا لەگەڵ سوپای ئۆکراین و لە پاڵ یەکێک لە تانکە تێکشکاوەکانی ڕووسیاوە دەردەکەوێت و زۆربەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردووەتەوە و سەرچاوەکانی ھەواڵیش بڵاویانکردووەتەوە.

بە گوێرەی تۆمارە ڤیدۆییەکانی جەمیس ڤاسکیز لە پاڵ بەرگری و شەڕکردن، ھاوکاری و ڕاھێنان بە سەربازە ئۆکراینییەکانیش دەکات، لە بواری مانۆڕی تاکتیکی و فریاگوزاری سەرەتایی.

جەمیس ڤاسکیز تەمەنی ٤٧ ساڵە و بەر لە چوونی بۆ شەڕی ئۆکراین، ژیانێکی سادە و بێ کێشەی بەسەر بردووە لەگەڵ خێزانەکەی لە ویلایەتی کونیتیکتی ئەمریکا، پێشتر لەناو ھێزی مارێنزی ئەمریکا خزمەتی سەربازیی کردووە.