ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوای کۆتایی سەردانەکەی لە برۆکسڵ، بە میدیای تورکیای ڕاگەیاندووە، ھێشتا کاتیان لە بەردەست ماوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر پەیوەندییە بازرگانی و ئابورییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا بکەن.

وتیشی، لە داھاتوودا ھەنگاوی گرنگ لە بارەی وزەوە دەنێن، یەکێک لە ھەنگاوە ھەرە گرنگەکانیش پەیوەندی بە ھاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە ھەیە، کە ڕەنگە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل بە تایبەتی لەسەر پرسی غازی سروشتی بێتە ئاراوە.

سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی و گروپی گەورە کۆمپانیای جیھانی، ڕووسیا جێ دەھێڵن و تورکیاش دەرگا بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکاتەوە.